9
کاهینەکان خزمەتیان دەستپێدەکەن 
 1 لە ڕۆژی هەشتەم، موسا هارون و کوڕەکانی و پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و  2 بە هارونی گوت: «جوانەگایەک بۆ خۆت، بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن ببە، هەردووکیان ساغ بن و لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان بکە.  3 لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش بدوێ و بڵێ: ”گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه و جوانەگایەک و بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی سووتاندن و  4 گایەک* لە زمانی عیبری ئەو وشەیە بۆ نێر و مێ چێڵ و گا بەکاردێت، لێرە و لە ئایەتەکانی 18 و 19. بڕوانە 3:1. و بەرانێک بۆ قوربانی هاوبەشی بۆ سەربڕین لەبەردەم یەزدان ببەن، هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو، چونکە ئەمڕۆ یەزدان بۆتان دەردەکەوێت.“» 
 5 ئەوەی موسا فەرمانی پێ کردبوو بردیانە پێش چادری چاوپێکەوتن و هەموو کۆمەڵەکە چوونە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان وەستان.  6 موسا گوتی: «یەزدان فەرمانی ئەمەی داوە، دەیکەن، ئینجا شکۆمەندی یەزدانتان بۆ دەردەکەوێت.» 
 7 پاشان موسا بە هارونی گوت: «بڕۆ پێشەوە بۆ لای قوربانگاکە و قوربانی گوناهت و قوربانی سووتاندنەکەت بکە و کەفارەت بۆ خۆت و گەل بکە و قوربانی گەل بکە و کەفارەتیان بۆ بکە، هەروەک یەزدان فەرمانی دا.» 
 8 ئیتر هارون چووە پێشەوە بۆ لای قوربانگەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناهی سەربڕی کە بۆ خۆی بوو.  9 کوڕەکانی هارونیش خوێنەکەیان بۆ هێنا و ئەویش پەنجەی کردە ناو خوێنەکە و لەسەری قۆچەکانی قوربانگاکەی دا و خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە.  10 پیوەکە و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەری قوربانییەکەی گوناه بوو لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد،  11 بەڵام کەلاک و پێستەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سووتاند. 
 12 ئینجا قوربانی سووتاندنەکەی سەربڕی و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان دایێ، ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی.  13 پاشان قوربانی سووتاندنەکەی ئەوانی دایێ بە پارچەکانی و سەرەکەیەوە، ئەویش لەسەر قوربانگاکە سووتاندی.  14 هەناو و قاچەکانیشی شوشت و لەسەر قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە سووتاندی. 
 15 ئینجا هارون قوربانییەکەی گەلی پێشکەش کرد، گیسکەکەی برد کە قوربانی بوو بۆ گوناهی گەل، سەری بڕی و بۆ گوناه کردی وەک ئەوەی یەکەم. 
 16 هارون بەپێی مەراسیم قوربانی سووتاندنەکەی پێشکەش کرد.  17 هەروەها پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵەی هێنا و مستی لێ پڕکرد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، بێجگە لە قوربانی سووتاندنی بەیانی. 
 18 گایەکە و بەرانەکەی سەربڕی، قوربانی هاوبەشی کە بۆ گەلە و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان پێیدا، ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی.  19 هەروەها پیوەکە لە گایەکە و دوگەکە لە بەرانەکە، ئەو پیوەش کە هەناو دادەپۆشێت و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەرە،  20 ئەم پیوانەیان خستە سەر دوو سنگەکە. ئینجا هارون پیوەکەی لەسەر قوربانگاکە سووتاند،  21 بەڵام هەروەک موسا فەرمانی دا، بۆ قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان، دوو سنگەکە و ڕانی ڕاستی بەرز کردەوە. 
 22 ئینجا هارون دەستی بەرەو گەل بەرزکردەوە و داوای بەرەکەتی بۆ کردن و لە پێشکەشکردنی قوربانی گوناه و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی، هاتە خوارەوە. 
 23 ئینجا موسا و هارون چوونە ناو چادری چاوپێکەوتن و پاشان هاتنە دەرەوە و داوای بەرەکەتیان بۆ گەل کرد. ئیتر شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو گەل دەرکەوت.  24 ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد، هات و لەسەر قوربانگاکە قوربانی سووتاندنەکە و پیوەکەی سووتاند. هەموو گەلیش بینییان و هاواریان کرد و بەسەر ڕوویاندا کەوتن. 
*9:4 لە زمانی عیبری ئەو وشەیە بۆ نێر و مێ چێڵ و گا بەکاردێت، لێرە و لە ئایەتەکانی 18 و 19. بڕوانە 3:1.