4
وەڵامی یەکەمی ئەلیفاز 
 1 ئینجا ئەلیفازی تێمانی وەڵامی دایەوە: 
 2 «ئەگەر یەکێک قسەیەک بکات دڵگران دەبیت؟ 
بەڵام کێ دەتوانێت لە قسەکردن ڕابوەستێت؟ 
 3 لە یادت بێ تۆ ڕێنمایی زۆر کەست کردووە و 
دەستە شلبووەکانت توند کردووە. 
 4 قسەکانت ئەوانەی هەستاندەوە کە کەوتوون و 
ئەژنۆ لەرزۆکەکانت چەسپاند. 
 5 بەڵام ئێستا کە خۆت تووشی تەنگانە بوویت، ورەت بەرداوە، 
لەوەی کە بەسەر خۆت هاتووە، پەرێشان بوویت. 
 6 ئایا پشت بە لەخواترسییەکەت نابەستیت؟ 
ئایا بێ کەموکوڕییەکەت هیوابەخش نییە؟ 
 7 «بەبیر خۆتی بهێنەرەوە، بێتاوانێکت بینیوە فەوتابێت، 
یاخود کەسە سەرڕاستەکان لەناوچووبن؟ 
 8 وەک بینیوتە، ئەوانەی خراپە دەکێڵن و 
چەرمەسەری دەچێنن، خۆیان دروێنەی دەکەن. 
 9 بە هەناسەی خودا لەناودەچن و 
بە بای تووڕەییەکەی نامێنن. 
 10 مڕەمڕی شێر و دەنگی نەڕەی و 
کەڵبەی شێرەکان شکێنران. 
 11 شێر دەفەوتێت لەبەر نەبوونی نێچیر و 
بەچکەی شێرەکە پەرتەوازە دەبن. 
 12 «وشەیەک بۆ لای من دزەی کرد، 
گوێم چرپەیەکی بیست. 
 13 لە مۆتەکەی* خەونێکی ناخۆش. شەومدا 
کاتێک مرۆڤ خەوێکی قووڵ دەیباتەوە، 
 14 ترس و تۆقینێک منی داگرت و 
هەموو ئێسکەکانم لەرزین. 
 15 ڕۆحێک بە بەردەممدا تێپەڕی و 
مووەکانی لەشم مووچڕکەیان پێدا هات. 
 16 ڕاوەستا، 
بەڵام نەمزانی چی بوو، 
شێوەیەک لەبەرچاوم بوو، 
چرپەیەک و دەنگێکم بیست: 
 17 ”ئایا مرۆڤ لە خودا ڕاستودروستترە، 
یان پیاو لە بەدیهێنەرەکەی بێگەردتر دەبێت؟ 
 18 ئەگەر خودا متمانە بە خزمەتکارەکانی نەکات و 
گومڕایی بخاتە پاڵ فریشتەکانی، 
 19 ئەی چەند زیاتر متمانە بە دانیشتووانی ناو خانووی قوڕ ناکات، 
ئەوانەی بنەچەیان لە خۆڵەوەیە و 
وەک مۆرانە پان دەکرێنەوە. 
 20 لەنێوان بەیانی و ئێوارەدا تێکدەشکێنرێن، 
بێ ئەوەی کەس ئاگای لێیان بێت بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن. 
 21 ئایا گوریسی ڕەشماڵەکانیان هەڵنەکێشراوە، 
تاکو بەبێ دانایی بمرن؟“