27
شیوەنێک بۆ سور
1 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ سور بگێڕە. 3 بە سور بڵێ: ئەی نیشتەجێ لەلای گەرووی دەریا، ئەوەی لە زۆربەی کەنارەکان بازرگانی لەگەڵ گەلان دەکات، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”ئەی سور، تۆ گوتت
’من تەواو جوانم.‘
4 سنوورەکانت لەناو جەرگەی دەریاکان،
بنیادنەرانت جوانی تۆیان تەواو کرد.
5 هەموو تەختە دارەکانیان
لە دار سنەوبەری سنیر* سنیر: دەگەڕێتەوە بۆ چیای حەرمۆن. بڕوانە دواوتار 3:9. بۆت دروستکرد.
لە لوبنانەوە دارێکی ئورزیان هێنا
تاکو داری ئاڵات بۆ دروستبکەن.
6 لە دار بەڕووەکانی باشان
سەوڵەکانی تۆیان دروستکرد.
تەختەداری درێژی کەشتییەکەت لە داری سەروون لە کەنارەکانی قوبرسەوە هێنراون،
بە عاج ڕازاوەن.
7 کەتانی نەخشێنراوی میسر
چارۆکەکەتە هەتا بۆت ببێتە ئاڵا.
قوماشی مۆر و ئەرخەوانی لە کەنارەکانی ئەلیشایەوە
چەترت بوون.
8 خەڵکی سەیدا و ئەرڤاد
سەوڵیان بۆ لێدەدایت.
ئەی سور، پیاوە داناکانت کە لەناوتدا بوون،
ئەوان کەشتیوانت بوون.
9 پیرانی جوبەیل† شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت. و داناکانی لەسەر پشتی تۆ بوون،
کون و کەلێنەکانیان بۆت پڕ دەکردەوە.
هەموو کەشتییەکانی دەریا و کەشتیوانەکانیان هاتنە تەنیشتت،
بۆ بازرگانیکردن بە کەلوپەلەکانت.
10 «”پیاوانی فارس و لوود و پووت
لە ڕیزی سوپاکەت جەنگاوەرت بوون،
قەڵغان و کڵاوی ئاسنینیان لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
ئەوانە شکۆیان بە تۆ بەخشی.
11 نەوەی ئەرڤاد لەگەڵ سوپاکەت
بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت بوون،
گەمادییەکان لەناو قوللەکانت بوون،
قەڵغانەکانیان بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
ئەوانە جوانی تۆیان تەواو کرد.
12 «”تەرشیش بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری کاڵاکانت بازرگانی لەگەڵ دەکردیت، زیو و ئاسن و تەنەکە و قورقوشمی بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
13 «”یۆنان و توبال و مەشەک بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، کۆیلە و کەلوپەلی بڕۆنزیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
14 «”دانیشتووانی بێتتۆگەرما ئەسپ و ئەسپی سواری و هێستریان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
15 «”خەڵکی ڕودس‡ دوورگەیەکە لە دەریای سپی ناوەڕاست. بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زۆر لە کەنارەکان بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی تۆ بوون، لە جیاتی نرخەکەی قۆچی عاج و داری ئەبەنوسیان پێدەدایت.
16 «”ئارامییەکان لەبەر زۆری کارە دەستکردەکانت بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، بەردە پیرۆزە،§ بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباوە. قوماشی ئەرخەوانی، کاری ئەتەمین* نەخشاندنی قوماش بە دەست.، کەتانی ناسک، مەرجان و یاقووتیان† یاقووت: گەوهەری سووری تێر. بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
17 «”یەهودا و خاکی ئیسرائیل بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، گەنمی مینیت و شیرینەمەنی و هەنگوین و زەیت و مەرهەمی هەتووانیان‡ ئازارشکێن. بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
18 «”دیمەشق بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بەهۆی زۆری کارە دەستکردەکانت و فرەیی سامانەکەت، شەرابی حەلبۆن و خوری چاحەریان لەگەڵت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
19 «”دانییەکان و یۆنانییەکان لە ئوزال ئاڵوگۆڕیان بە کاڵاکانت دەکرد، ئاسنی کوتراو و کاسیا§ دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت. و قامیشی بۆنخۆشیان لەگەڵ کەلوپەلەکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
20 «”دیدان بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون.
21 «”عەرەبستان و هەموو میرەکانی قێدار بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، لە بەرخ و بەران و نێری، بەمە بازرگانییان لەگەڵ کردیت.
22 «”بازرگانەکانی شەبا و ڕەعما بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زێڕ و هەموو جۆرە بۆنێکی خۆش و بەردە گرانبەهاکانیان لە باشترین جۆر لەگەڵ کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.
23 «”حەڕان و کەنێ و عەدەن و بازرگانەکانی شەبا و ئەشوور و کیلمەد بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت. 24 ئەوانە لە بازاڕەکانت بە جل و بەرگی جوان، قوماشی مۆر، کاری ئەتەمین، بەڕەی چنراو و ڕەنگین بە دەزووی ڕستراو و پتەو بازرگانییان لەگەڵ کردیت.
25 «”کەشتییەکانی تەرشیش کاڵاکانت بار دەکەن.
لە باری گران لەناو جەرگەی دەریاکان پڕیت.
26 ئەوانەی سەوڵت بۆ لێدەدەن
بۆ ناو ئاوە زۆرەکان دەتبەن،
بەڵام بای ڕۆژهەڵات لەناو
جەرگەی دەریاکان تێکتدەشکێنێت.
27 سامان و کاڵا و کەلوپەلەکانت،
کەشتیوان و دەریاوان و وەستاکانت،
ئاڵوگۆڕکەران بە کەلوپەلەکەت، هەموو جەنگاوەرەکانت کە لەناو تۆدان،
هەموو سەرنشینەکانت کە لەناوەڕاستی تۆن،
لە ڕۆژی ژێر ئاو کەوتنت
دەکەونە ناو جەرگەی دەریاوە.
28 لە دەنگی هاواری کەشتیوانەکانت
کەنارەکان دەلەرزن.
29 هەموو سەوڵلێدەر و کەشتیوانە بە ئەزموونەکان و
کەشتیوانە ئاساییەکانی دەریا،
لە کەشتییەکانیان دادەبەزن و
لەسەر کەنار ڕادەوەستن،
30 دەنگیان بۆت بەرز دەکەنەوە و
بە تاڵییەوە دەقیژێنن،
خۆڵ دەکەن بەسەر سەری خۆیاندا و
لەناو خۆڵەمێش خۆیان دەگەوزێنن.
31 بۆ تۆ پرچی سەریان دەتاشن و
جلوبەرگی گوش دەپۆشن.
بە تاڵی گیانەوە گریانێکی تاڵ
بۆت دەگریێن.
32 لە کاتی گریانیان لاوانەوەیەک بەرز دەکەنەوە،
بۆت دەلاوێننەوە:
’کێ وەک سور لەناو جەرگەی دەریا
بێدەنگی نواند؟‘
33 کاتێک کاڵاکانت بە دەریاکاندا ناردە دەرەوە،
گەلانێکی زۆرت تێر کرد.
بە زۆری سامان و کەلوپەلەکانت
پاشایانی زەویت دەوڵەمەند کرد.
34 کاتێک لە دەریاکان تێکشکایت
لەناو قووڵایی ئاوەکان،
کەرەستە و هەموو سەرنشینەکەت
لەگەڵت نوقوم بوون.
35 هەموو دانیشتووانی کەنارەکان
واقیان لێت وڕدەمێنێت،
پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،
ڕوخساریان دەشێوێت.
36 بازرگانانی نێو گەلان فیکەت بۆ لێ دەدەن،
کۆتاییەکەت ترسناک دەبێت و
ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»
*27:5 سنیر: دەگەڕێتەوە بۆ چیای حەرمۆن. بڕوانە دواوتار 3:9.
†27:9 شاری جوبەیل شارێکی کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7000 لەمەوپێش، ئەمرۆ بە دووری 38 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەیروت.
‡27:15 دوورگەیەکە لە دەریای سپی ناوەڕاست.
§27:16 بەردە پیرۆزە: بەردێکی شینی سەوزباوە.
*27:16 نەخشاندنی قوماش بە دەست.
†27:16 یاقووت: گەوهەری سووری تێر.
‡27:17 ئازارشکێن.
§27:19 دارێکە بۆ بۆنخۆشی بەکاردێت.